سەدر داوای خۆپیشاندان دژ بە گەندەڵکاران دەکات

موقتەدا سەدر، جارێكی دیكە پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتێکی فراوانی حکومەت دژی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد لە ڕێگەی وەستانێکی ئاشتییانەوە لە ڕۆژی هەینیدا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق و دروشمەکانی چاکسازی، پشتیوانی لەو هەنگاوە بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشیمانی شیعە ڕایگەیاند: ” ئەم هەڵمەتە هیوای بۆ دڵی عێراقییەکان گەڕاندووەتەوە، دوای ئەوەی گەندەڵکاران دەستیان بەسەر سامانی وڵاتدا گرتبوو، دەستخۆشی لە ڕۆڵی دادگای عێراق و هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت هێزەکانی دژە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەم بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە داوای لە پێشنوێژانی نوێژی هەینی کرد، بۆ پاڵپشتی و هاندانی ئەم هەڵمەتە چاکسازییە، ڕۆژی هەینی داهاتوو، ڕێپێوانێکی ئاشتییانە ڕێکبخەن.

موقتەدا سەدر، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لەو گردبونەوەیەدا تەنها ئاڵاکانی عێراق و ئاڵای ئیمام حوسێن وەک هێمای چاکسازی بەرز بکرێنەوە، بەتایبەت کە ئەم هەڵمەتە هاوکاتە لەگەڵ مانگی موحەڕەم.

ئەم ڕاگەیەندراوەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.