لە 22 ڕۆژدا 127 کەس لەسێدارە دراون

ئاژانسی هرانا (HRANA) ڕایگەیاند لە 22 ڕۆژی یەکەمی مانگی حوزەیراندا، حکومەتی ئێران 127 کەسی لەسێدارە داوە و سزای لەسێدارەدانیشی بۆ دەیان کەسی دیکە دەرکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (HRANA) بڵاویکردووەتەوە جیا لەو لەسێدارەدانانە، لەو ماوەیەدا سزای لەسێدارەدان بۆ 19 کەسی دیکە دەرچووە و سزای 12 کەسیش پەسەند کراوە. زۆربەی ئەوانەی لەسێدارە دراون یان سزا دراون، ئەو کەسانەن کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستگیر کرابوون.

 لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە 94 حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە زیندانیانی سیاسی ڕووی داوە. لەوانە دوو گیانلەدەستدانی گوماناوی لەناو زیندانەکان هەبووە و 49 زیندانیش چارەنووسیان نادیارە.

ئاژانسەکە ئاماژەش بەوە دەکات کە دوو زیندانی بەهۆی خراپیی دۆخی ناو زیندانەکان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.