بەهۆی بڕیارێکی ئەمریکا و هێوربوونەوەی دۆخی لوبنان نرخی نەوت دابەزی

ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخەکانی نەوت دابەزینی زیاتریان بەخۆوە بینی، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هێوربوونەوەی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکە و بڕیارێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سزاکانی سەر ئێران.

لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی نەوتی برێنت 50 سەنت دابەزی و گەیشتە 77.50 دۆلار، هاوکات نەوتی سووکی تەکساسیش بە دابەزینی 40 سەنت، بە 73.71 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەبارەی دۆخی بازاڕەکەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بێمتمانەیی قووڵی نێوان واشنتن و تاران وایکردووە گومانێکی زۆر لە بازاڕی نەوتدا دروست ببێت، بۆیە گەڕانەوەی نرخەکان بۆ ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگ کاتی پێویستە و بە شێوەیەکی دەستبەجێ ڕوونادات.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە هۆکاری سەرەکی دابەزینەکە بۆ دوو پێشهاتی سیاسی دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان بڕیاری ئەمریکا بۆ پێدانی لێخۆشبوونی 60 ڕۆژە لە سزاکانی سەر ئێران، دووەمیشیان نیشانەکانی هێوربوونەوەی دۆخی ئاڵۆزی وڵاتی لوبنانە، کە هەردووکیان وەک پەیامێکی ئەرێنی بۆ سەقامگیری بازاڕی وزە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە وەرگیراون.