سێ ئامۆزا پێکەوە لە کاتی مەلەکردندا خنکان

سێ منداڵ کە ئامۆزای یەکترین، لە کاتی مەلەکردندا لە گۆمێکی ئاوی نزیک ڕووباری دیجلە لە ناحیەی مەحەلەبیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا خنکان.

ڕۆژی هەینی 19ی ‌حوزەیرانی 2026 ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: “سێ منداڵ لە گوندی توێم لە گومێکدا خنکان، کە منداڵەکان تەمەنیان 10 ساڵ بۆ 12 ساڵە و ئامۆزای یەکدین.”

ئەحمەد دووبەردانی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە خێزانەکانیان گوتوویانە منداڵەکان بۆ خۆ فێنککردنەوە چووبوونە مەلەوانی و بەڵێنیان بە خیزانەکانیان دابوو کە نەچنە قووڵایی گۆمەکەوە.

سەرچاوە تەندروستییەکانی مووسڵ پشتڕاستیان کردەوە کە تەرمەکان دۆزراونەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراون.