دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران، هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو توێژانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی یەک شەممە ( 21ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنجشەممە 25 ی حوزەیرانی 2026) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لە دوای (2024/7/1) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکان چەند هۆکارێکی هەبووە، لەوانە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تەمویلی مووچەی مانگی پێنج بڕی 80 ملیار دیناری کەمتر لە شایستەی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان ناردووە.