ئەمشەو چاوی هەموو جیهان لەسەر مۆندیال دەبێت

ئەمشەو هاندەرانی تۆپی پێ بە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیان شاد دەبنەوە کە مۆندیالە، دەستپێکردنی یەکەم یاری پاڵەوانێتییەکەش لە یاریگای “ئەزتیکا” لە مەکسیکۆ سیتی دەبێت لە نێوان هەڵبژاردەی مەکسیکی خاوەن ماڵ و هەڵبژاردەی باشووری ئەفریقا.

ئەمڕۆ 11ی حوزەیرانی 2026  کاتژمێر 10ی شەو بە کاتی هەولێر هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و کەندا یاری کردنەوەی مۆندیالی 2026 ئەنجام دەدەن و چاوی هەموو جیهان لە دەستپێکی لێدانی فیکەی یەکەم یاری دەبێت.

مۆندیالی ئەم جارە جیاواز لە مۆندیالەکانی ڕابردوو، بۆ یەکەم جار بە بەژداری 48 هەڵبژاردە بە هاوبەشی لە هەرسێک وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، کە گەورەترین و فراوانترین مۆندیال دەبێت لە مێژوودا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت، هەڵبژاردەکانی جامی جیهانی بەسەر 12 گرووپ دابەشکراون و هەر گرووپێک چوار هەڵبژاردە لە خۆ دەگرێت، یەکەم و دووەمی هەر گرووپێک ڕاستەوخۆ دەگەنە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ باشترین هەشت هەڵبژاردەی ڕێزبەندی سێیەم لە گرووپەکان. هاوکات ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی پورتۆگال و ئەرجەنتین هەیە لە یەکێک لە قۆناغەکانی کرانە دەرەوە، کە دوو جەمسەرەکەی تۆپی پێ لیۆنێل میسی و کریستیانو ڕۆناڵدو بەژداری دەکەن.

ئەوەی شەیدایانی تۆپی پێی دڵتەنگ کردووە بەشدارینەکردنی ئیتاڵیای خاوەن چوار مۆندیالە کە لە ساڵەکانی (1934,1938,1982,2006) بەدەستیهێناوە. بێبەشبوونی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی ئەم جارە دوای دۆڕانی بە هەڵبژاردەی بۆسنە دێت لە پاشکۆی گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە.

هەڵبژاردەی بەڕازیل خاوەن زۆرترین نازناوی جامی جیهانییە بە بردنەوەی پێنج نازناو، دوا بە دوای بەڕازیل هەر یەک لە هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دێن بە بردنەوەی چوار نازناو.