بەهۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێز 37 کەس گیانیان لەدەستدا

 بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 7.8 پلە، باشووری فلیپینی هەژاند و بەهۆیەوە لانیکەم 37 کەس گیانیان لەدەستدا و بە هەزاران کەسی تریش ئاوارەبوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026 نووسینگەی بەرگریی شارستانیی فلیپین ڕایگەیاند: بوومەلەرزەکە ناوەندەکەی کەناراوەکانی دوورگەی “میندانا”و بووە، بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا تۆمار کرابێت. جگە لە گیانلەدەستدانی 37 کەس، نزیکەی 500 کەسی دیکەش برینداربوون و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بەردەوامە.

لە شاری  سانتۆس، بوومەلەرزەکە هێندە بەهێزبووە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی کە چێشتخانەیەکی بەناوبانگی تێدابوو، بە تەواوی بەسەر شەقامەکەدا داڕما. هەروەها لە پارێزگای “سارانگان” 18 کەس بەهۆی داڕمانی زەوییەوە گیانیان لەدەستدا.

لە لایەکی دیکەوە، “تێریسیتۆ باکولکۆلیش”، بەڕێوەبەری پەیمانگای فلیپین بۆ بوومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ” ئەم بوومەلەرزەیە بەهۆی جووڵەی “خەندەقی کۆتاباتۆ”وە بووە، هۆشداریشی دا کە بوومەلەرزەیەکی هاوشێوە لە ساڵی 1976دا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 8 هەزار کەس.”

 تیمەکانی فریاکەوتن هێشتا خەریکی پشکنینی ژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانانەن کە داڕماون، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەرزبێتەوە.