بەگوتەی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کە لە ماوەکانی داهاتوو هیچ کێشەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت و لە کاتی خۆیاندا مووچەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 د. زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ فالح ساری, وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا کە گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست نابێت و چیتر مووچە ناکرێتە کارتی فشار بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان.”
د.زیرەک زێباری گوتیشی: “لە کۆبوونەوەمان وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی خۆیان، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، کە لە بەغدا پێیان گوتراوە چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوا ناکەوێت.