بەیانی ئەمڕۆ دادگای باڵای ئێران دوو هاونیشتمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و دروستکردنی پشێوی لەسێدارە دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند: سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی “میهراد موحەممەدی نیا” و “ئەشکان مالیکی” جێبەجێکراوە.
ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی میهرداد موحەممەدی نیا و ئەشکان مالیکی کراون، بریتین لە بەشداریکردن لە تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی، داخستنی شەقامەکان و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا.
بەگوێرەی میدیای ئێران، ئەشکان مالیکی دانی بەوەدا ناوە کە لە کاتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا کە کانوونی یەکەمی پار دەستیان پێکرد، لەگەڵ میهراد موحەممەدی نیا دوو ماتۆرسکێلی پۆلیسیان سووتاندووە و شووشەی مزگەوتی جەحفەریی گەڕەکی نەسری تارانیان شکاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی 2025دا یەکێک لە بەرزترین ڕێژەکانی جیهان بووە و لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر ڕووی لە زیادبوون کردووە.