قائیمقامیەتی سلێمانی: بەبی فۆڕم غاز دابەشدەکرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی، هاووڵاتییان دڵنیادەکاتەوە کە کێشەی دابەشکردنی غازی ماڵان نەماوە و بەبێ فۆڕم دابەشدەکرێت؛ داواش دەکات کەس زیاتر لە 8 هەزار و 500 دینار بە وەکیلەکان نەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئایاری 2026 سەرۆکی لیژنەی غاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە کێشەی کەمی غازی ماڵان نەماوە و پێویست بە وەرگرتنی فۆڕم ناکات.

هاوکات دەشڵێت:  بڕی پێویستی غازی ماڵان بەردەستە و هاووڵاتییان دەتوانن لە هەر شوێن و کاتێکدا بتڵەکانیان پڕبکەنەوە.

سەرۆکی لیژنەی غاز لە لیژنە هاوبەشەکان، باسی لەوەش کردووە، کە  نرخی هەر بتڵێک غاز 8 هەزار و 500 دینارە و لەکاتی وەرگرتنی پارەی زیاتر لەلایەن وەکیلەکانەوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ژمارەیەوە “07708677777” سکاڵا بکەن.