بەگوتەی بەرپرسێکی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى، بەشێکی خانەنشینان لەم مانگەدا سێ مووچە وەردەگرن، ، وەزارەتی داراییش بڕیاریداوە تاوەکو مانگى تەمووز تەواوی مووچە کەڵەکەبووەکانیان بۆ خەرج بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026 بەرپرسێکی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى، ڕایگەیاند: “بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لەم مانگەدا سێ مووچە یاخود دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن، ئەوەش لەپێناو پاکتاوکردنى مووچە کەڵەکەبووەکانیان لاى حکومەت.”
بەرپرسەکەی خانەنشینانی سەربازی، گوتیشی: ” ئەگەر خانەنشینێک 10 مووچەی وەرنەگرتبێت، بە سێ بۆ چوار قۆناغ و لەگەڵ مووچەی مانگانەیدا کۆی قەرزەکانی بۆ خەرج دەکرێت و بڕیار وایە تاوەکو مانگى تەمووزى ئەمساڵ پاکتاوى تەواوی قەرزى خانەنشینانى سەربازى بکرێت.”
ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بەوەش کرد، ” ژمارەیەکی زۆر کەم دۆسیە ماوە نەتوانراوە بۆ مانگی ئایار داخڵی سیستەمی پەیڕۆڵ بکرێن، ئەو خانەنشینانە بۆ مانگی حوزەیران ناویان دەچێتە ناو سیستەمەکەوە و مووچەی ئەو مانگە لەگەڵ چەند مووچەیەکی پێشوویان بە گوێرەى توانای دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەرج دەکرێت.”