ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پچڕانی پەیوەندیی “سەرایا سەلام” لە ڕەوتەکەی ڕادەگەیێنێت و هێزەکە بە تەواوی دەخاتە ژێر فەرماندەیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ڕایگەیاند: “لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی ڕوو لە نیشتمان دەکەن، پێویستە سەرایای سەلام بە یەکجاری لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە جیا ببێتەوە.”
موفتەدا سەدر، ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەم هێزانە لەمەودوا بە تەواوەتی دەبنە بەشێک لە دەوڵەت و دەخرێنە ژێر فەرمانی بەرپرسی یەکەمی سەربازیی وڵات.”
لە کۆتایشدا ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانی شیعە هیوای خواستووە سەرجەم هێزەکانی حەشد لە ژێر فەرمانی پارتە و گرووپە ئاینییە جیاوازەکاندا نەمێنن و چەکەکانییان بدەنە دەوڵەت، هەروەک چۆن چەندین ساڵ بەر لە ئێستا ڕێنماییان کردوون.
سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداری سەر بە ڕەوتی نیشتمانیی شیعەیە، کە بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە، هاوکات یەکێکە لەو گرووپانەی کە بەم دواییانە چەندین جار بە درۆن هێرشی دەکردە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرترین هێرشەکانیشیان بۆ سەر هەولێری پایتەخت بووە.