وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە، دابەشکردن هەر ئەمڕۆ دەستپێدەکات و لە ماوەی سێ ڕۆژدا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرەڕای ناردنی 50 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی و هەبوونی کورتهێنانی 80 ملیار دینار لە تەمویلەکەی بەغداد، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکات.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، هەر ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و لە ڕۆژانی جەژنیش پڕۆسەکە ناوەستێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەوانەی لە ڕێگەی “هەژماری من” مووچە وەردەگرن، لە کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەتوانن پارەکانیان لە ئامێرەکانی ATM ڕابکێشن و ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن، بەهۆی کاتی گواستنەوەی پارە، پێویستە لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە مووچەی ئەم توێژانە دابەشدەکرێت:
خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی و بەرکەتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی.
سبەی چوارشەممە ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن:
خاوەن پێداویستیی تایبەت، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و لاوان، کارەبا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی هەرێم.
ڕۆژی پێنجشەممە:
وەزارەتی پێشمەرگە(دیوان و لیواکان)، فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش.