بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان ڕایگەیاند: لە مانگی پێنج هەر خانەنشینێک دوو مووچە وەردەگرێت و ئەوانەی مامەڵەکانیان تەواونەکراوە لە مانگی شەشەوە مووچەکانیان خەرجدەکرێت و مووچەی ئەو مانگانەش وەردەگرنەوە کە پێشتر وەریان نەگرتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026 حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “بەستنی مووچە بۆ خانەنشینانی نوێ، تەنیا تۆزێکی ماوە و هەموو شتێک تەواو بووە، بەو هیوایەی لەم مانگەوە زۆرینەیان مووچەکانیان وەربگرن.”
حاجی مەلا ئەمین، گوتیشی: ” مووچەی مانگەکانی ڕابردوو بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج دەکرێت کە ناویان لە سیستەمی بەغدا بە تەواوەتی جێگیر بووە، ئەمەش هەموو ئەو مانگانە دەگرێتەوە کە پێشتر وەریاننەگرتووە.”
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان ئاماژەی بەوەش کرد، “بۆ ئەوەی هەموو شایستە داراییەکانیان بۆ تەواو بکرێت، ئێستا مانگێک بە دوو مانگ مووچە وەردەگرن، واتە لە هەر مانگێکدا دوو مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت تا ئەو کاتەی هەموو شایستە کۆنەکانیان وەردەگرنەوە.”