لە بەغدا دوای ئەوەی ‘عەگال’ لەسەری پیاوێکی یەکێک لە هۆزە عێراقییەکان دەکەوێتە خوارەوە، دوو کوڕی ئەو پیاوە، بەم هۆکارە دەستڕێژی گوللە لە کەسێک دەکەن و لە پێش چاوی منداڵەکانی دەیکوژن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026 پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرخ لە بەغدا ڕایگەیاند: کێشەکە لە ڕووداوێکی بچووکەوە دەستیپێکردووە، ئەویش کەوتنی عەگالی سەری کەسێک بووە، کە لە نێو هەندێک لە هۆزە عەرەبییەکاندا وەک بێڕێزییەکی گەورە تەماشا دەکرێت.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، دوو کوڕی ئەو پیاوە بە چەکەوە دەچنە سەر ماڵی ئەو کەسەی کە بە هۆکاری ڕووداوەکە زانراوە. بکوژان لەبەردەم ماڵەکەی و لەبەردەم چاوی منداڵەکانیدا، 10 گوللەیان ناوە بە سەری کەسەکە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هێزەکانی پۆلیس توانیویانە هەردوو بکوژەکە دەستگیر بکەن، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر چۆنیەتیی کەوتنی عەگالەکە بڵاونەکردووەتەوە.