لە شاری “سان دیێگۆ”ی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، دوو گەنج هێرشیان کردە سەر مزگەوتێک و 3 کەسیان کوشت، دواتر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
ڕۆژی دووشەممە 18ی ئایاری 2026 “سکۆت واڵ”، بەڕێوەبەری پۆلیسی “سان دیێگۆ” لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ” یەکێک لە کوژراوەکان پاسەوانێکی ناوەندەکە بووە و ڕۆڵێکی قارەمانانەی گێڕاوە لە ڕێگریکردن لەوەی هێرشەکە قوربانی زیاتری لێ بکەوێتەوە. ئەو پاسەوانە باوکی هەشت منداڵ بووە و بێگومان ژیانی چەندین کەسی دیکەی رزگار کردووە.”
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەن و پێش هێرشەکەش دایکی یەکێک لە تەقەکەرەکان پەیامی بە پۆلیس گەیاندووە، کوڕەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە بە چەکەوە ڕۆیشتوون و دیار نین.
لە لایەکی دیکەوە، تەها حەسەن، ئیمامی مزگەوتی “سان دیێگۆ” گوتی: “ئەمە کارێکی قێزەونە کە شوێنێکی خودا پەرستی بکرێتە ئامانج، مزگەوت ماڵی خودایە و مەیدانی جەنگ نییە.”
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: بە وردی چاودێریی ڕووداوەکە دەکەن و ئەو هێرشەی بە دۆخێکی ترسناک و خراپ پێناسە کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوو گەنجەکە تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 18 ساڵدا بووە، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کە چەند کۆڵانێک دوور لە مزگەوتەکە بە دەستی خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.