نێچیرڤان بارزانی بانگێشتی پاپای ڤاتیکان دەکات بۆ هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان،  پاپا ليۆى چواردەیەم کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.”

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم هاتووە؛ “نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویيی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هه‌روه‌ها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویيیەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.”

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:  قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە دەربڕیووە و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، به‌رز نرخاندووە.

سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە تەوەرێکی ديكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.