بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک 12 پۆلیس گیانیان لەدەست دا

لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر بازگەیەکی پۆلیس لە هەرێمی “خەیبەر پەختونخوا” لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، 12 پۆلیس کوژران و 8 کەسی تریش برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاند: ” هێرشەکە شەوی شەممە لە ناوچەی “بنۆ”ی نزیک لە سنووری ئەفغانستان ڕوویداوە. خۆکوژێک ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە تەقەمەنی بە بازگەکەدا تەقاندووەتەوە، بەهۆی توندی تەقینەوەکەوە باڵەخانەی بازگەکە بە تەواوی ڕووخاوە و چەندین کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.”

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی فریاگوزاری ڕایانگەیاند: “باری نائاسایی لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناوچەکە ڕاگەیەندراوە و بریندارەکان گەیەندراونەتە بەشی چاودێری ورد. ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاد بکات بەهۆی سەختی برینی هەندێک لە بریندارەکانەوە.”

تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ڕێکخراوی تالیبانی پاکستان یان گرووپە هاوپەیمانەکانی لە پشت ئەم کارەوە بن، بەتایبەت لەم هەفتانەی دواییدا کە هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیادیان کردووە.