میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، لە زاری گوتەبێژی هێزەكانی هەسەدە پشتڕاستیان كردووەتەوە كەوا پۆستی گوتەبێژی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر میلاكی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی نوێی سووریا بە هەسەدە دەدرێت.
ڕۆژی هەینی 8ی ئایاری 2026 فەرهاد شامى، گوتەبێژى هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: “هەڵزوار میتانى کراوەتە گوتەبێژى سەربازیی ڕۆژهەڵاتى سووریا لەسەر میلاکی وەزارەتی بەرگری و دەستبەکاربووە.”
بەگوێرەى دوایین ڕێککەوتنى نێوان هەسەدە و حکومەتى دیمەشق، هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى ئەو وڵاتە یەکدەگرن و ئەرکیان پاراستنى ناوچەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا دەبێت.
بەشداریکردنی کورد بەشێوەیەکی کاریگەر لە حکومەتی سووریا، مەرجێکی سەرەکیی ڕێککەوتنامەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریایە.