یاسای خانەنشینی هێزە ئەمنییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەموار دەکرێتەوە و لە داهاتوودا مووچەکانیان زیاد دەبێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026 شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “کۆدەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە هەیە، 100% لە مانگەکانی داهاتوودا پەسەند دەکرێت و ناگاتە کۆتایی ئەمساڵ.”
شێروان دووبەردانی گوتیشی: “یاسایەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام بە مەرجێک وەزارەتی ناوخۆی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر بدات. پەرلەمانتارانی کورد هەمواری یاساکەیان بۆ وەزارەتی ناوخۆی کوردستان ناردووە، لە وەزارەت لیژنەیەکی لەسەر پێکهێنراوە بۆ ئەوەی تاوتوێی بکەن و ئەوانیش پێشنیازی خۆیان زیاد بکەن.”
ئەوەی پێویستە ئاماژە پێبکرێت، کارمەندێکی ئەمنی 30 ساڵ خزمەتی هەبووبێت و مووچەکەی دوو ملیۆن دینار بووبێت، کاتێک خانەنشین بووە 650 بۆ 750 هەزار دیناری ماوەتەوە، لەمەودوا دەبێتە ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار دینار، ئەم جیاوازییەش هی بڕوانامەیە.