کاتێک گرێکوێرە سیاسییەکان دەگەنە بنبەست، تەنها کارێزمایەکی نیشتمانی دەتوانێت بە زمانی دیالۆگی نەرم ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕێت. سەردانە مەیدانییەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەلماندی کە دیپلۆماسییەتی کارا تەنها لە پشت مێزەکاندا نییە، بەڵکو لە گەیاندنی ئەو پەیامەدایە کە دەڵێت: ‘بەهێزیی هەرێم و بەغدا تەواوکەری یەکترن’. ئەم دیدگایە وایکردووە کە هەولێر جارێکی دیکە وەک چەقی چارەسەر و نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا دەربکەوێتەوە.
بۆمان دەرکەوت کە تەنانەت دوو کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی کورت و چەند سەردانێکی سەرۆکی هەرێم، چ پەیامێکی قووڵیان گەیاند. پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتی (Win–Win) –واتە دیپلۆماسییەتی “هەمووان براوە بن”– لەسەر ئەو بڕوایە دامەزراوە کە سەرکەوتنی هەرێم لە شکستی بەغدادا نییە و بەپێچەوانەشەوە. بوونی ئەم دیدگا هاوسەنگە وایکردووە لایەنە عێراقییەکان (شیعە، سوننە و پێکهاتەکان) وەک “نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو” سەیری سەرۆکی هەرێم بکەن، نەک وەک ڕکابەرێک. کاتێک جەنابیان دەچێتە بەغدا، وەک نوێنەری دەستووریی هەرێمێک دەچێت کە دەیەوێت کێشەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر ببن.
سەردانی ئەم دوو ڕۆژەی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پایتەختی عێراق، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا. ئەمە تەنها سەردانێکی دیپلۆماسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی ڕوون بوو: دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی.
سەرۆکی هەرێم بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو وەک “سیمبولی کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان” ناسراوە؛ ئەو بە سیاسەتێکی ژیرانە ئامانجەکان دەپێکێت بەبێ ئەوەی لایەنەکان زویر بکات. لەم سەردانەدا، جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵک، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و بەهێز لەگەڵ بەغدا بەدی دێن. ڕۆڵی کاریزمایی و نەرمییە سیاسییەکەی بووەتە هۆی دروستبوونەوەی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا، کە ئەمەش بناغەی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتییانەیە.
ئەم هەوڵانەی دوایی، درێژکراوەی زنجیرەیەک دەستپێشخەریی پێشوون کە گرنگترینیان ئەمانەن:
• کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان: نەک تەنها لەگەڵ بەغدا، بەڵکو وەک نێوەندگیرێکی سەرکەوتوو لە نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی عێراقیشدا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەرکەوتووە.
• چارەسەری پرسی بودجە و مووچە: لە چەندین ساتە وەختی هەستیاردا، سەردانە مەیدانییەکانی جەنابیان ڕێگر بووە لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە و ڕێگەی بۆ ڕێککەوتنی دارایی خۆش کردووە.
• دیپلۆماسییەتی ناوچەیی: هەوڵەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیشدا هەمیشە لە خزمەت بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و بەغدا بووە پێکەوە؛ وەک هەمیشە دەڵێت: “بەهێزیی هەرێم بەهێزیی بەغدایە و بەپێچەوانەشەوە.”
سەردانی ئەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بوو، چونکە لە لایەک پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نزیک بووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی سیاسی و حیزبی دروست بووە کە ئومێدی چارەسەری بەردەوام زیاد دەکات.