نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوێنی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لە ميانى سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دا.
دوێنی سەرۆکی هەرێم چاوی بە کێ کەوت؟
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە. سەرکردەکانی چوارچێوەکە؛ ستايشى ههڵوێست و سياسهتهكانی نێچیرڤان بارزانییان کرد لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.
دواتر نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ موحەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، “هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنانە کردووەتەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بەدیهاتوون.”
هەر لە هەمان ڕۆژدا، سەرۆکی هەرێم لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگیی خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی کارامە کردەوە. نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: زەیدی پێی گوتم؛ کێشەی مووچە چارەسەر دەکەم. هەروەها لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگیی دیالۆگی نیشتمانی و لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە وەک کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، بە شێوەیەک کە یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان پێکهاتەکاندا بپارێزرێت.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. سەرکردەکانی ئەنجوومەنەکە پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی.
کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم تا درەنگانی شەو بەردەوامییان هەبوو دواین کەس کە دوێنی لەگەڵی کۆبوویەوە، هەیبەت حەلبووسی سەرۆک پەرلەمانی عێراق بوو؛ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.
دووم ڕۆژی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی بە چ شێوەیەک بەڕێوەدەچێت؟
ئەمڕۆ لە دووم ڕۆژی دیدارەکانی لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرەتا لەگەڵ لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا کۆبووەوە. باڵیۆزەکە دووپاتی کردەوە، “وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندە بە بەردەوامیی پشتگیریکردنیان.”
یەکێکی تر لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان بوو، بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنەکە، داوایان کردووە پاڵپشتیان بێت بۆ ئەوەی وەزارەتێک لە حکومەتی نوێی عێراق وەربگرن، ئەویش بەڵێنی پاڵپشتیی پێ داون.
هەر ئەمڕۆ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوویەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند: “بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراوە و سەردانەکە نیازپاکیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری لە حکومەت پێشان دەدات.”
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدات و دواتر کۆتایی بە سەردانە دوو ڕۆژییەکەی لە بەغدا دەهێنێت.