عەباس عێراقچی لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی “ئێران ئینتەرناشناڵ” کە بڵاویکردووەتەوە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆماری ئێران و موحەممەد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمان پاڵپشتی لەکارلابردنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ ڕایگەیاند: “بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، پزیشکیان و قالیباف پێیان وایە کە عێراقچی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە کاتی دانوستانەکاندا وەک یاریدەدەری ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران مامەڵەی کردووە، نەک وەک وەزیرێک لە حکومەتێکدا، کە ئەرکی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە ژێر سەرکردایەتی پزیشکیان پێسپێردراوە.”

لە ڕاپورتەکەی ئێران ئینتەرناشناڵ ئاماژە بەوەکراوە، ئەم کارەی عێراقچی بە قووڵی ناڕەزایەتی مەسعود پزیشکیانی لێکەوتووەتەوە، بە کەسانی نزیکی خۆی وتووە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وەزیری دەرەوە لە کارەکەی دووردەخاتەوە.

ئێران ئینتەرناشناڵ دەشڵێت: ” لە کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردوودا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە ناکۆکیی توندی نێوان پزیشکیان و وەحیدی کردووە، کە ئەمەی دوایی بە بەهێزترین کەسایەتی ناو سوپای پاسداران وەسف دەکرێت.