لە کەناراوەکانی شاری “تۆبرۆک” لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، 38 کۆچبەری نایاسایی بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆنەوە خنکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2026 داواکاری گشتیی لیبیا ڕایگەیاند: “کۆچبەرەکان لەلایەن باندێکی قاچاخچێتیی مرۆڤەوە بە بەلەمێکی کۆن و نەشیاو بەرەو باکووری دەریای ناوەڕاست بەڕێ کرابوون، بەڵام پێش گەیشتن بە ئامانج، بەلەمەکە نوقوم بووە.”
داواکاری گشتیی لیبیا ئاماژەی بەوەش کردووە، “قوربانییەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی سوودان، میسر و ئەسیوپیا بوون.”
دوای ڕووداوەکە، ناسنامەی تێوەگلاوانی ئەو باندە قاچاخچییە ئاشکرا کراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە. ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی دیاریکردنی ناسنامەی تەواوەتیی قوربانییەکانن.