فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە و 14 کەس گیانیان لەدەست دا

لە ئەنجامی ڕووداوێكی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بچووكی گواستنەوە لە شاری “جوبا”ی پایتەختی باشووری سوودان، 14 كەس گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 فیدڕاسیۆنی فڕۆكەوانی مەدەنی باشووری سوودان ڕایگەیاند: ” ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆكەیەكی گواستنەوەی بچووك لە جۆری (سیسنا) لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جوبا بەڕێكەوت، دوای دووركەوتنەوەی تەنیا 20 كیلۆمەتر لە پایتەختەوە، كەوتەخوارەوە.”

 فیدڕاسیۆنی فڕۆكەوانی مەدەنی باشووری سوودان ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆكەكە بەهۆی خراپی كەشوهەوا و كەمی ئاستی بینین كەوتووەتەخوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، فڕۆكەكە بەشێوەیەكی گشتی 14 كەسی هەڵگرتبوو، 12 كەسیان خەڵكی باشووری سوودان بوون و دووانەكەی دیكە خەڵكی كینیا بوون، سەرجەمیان لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەست دا.