سزای دەرزی لێدان و گوللەبارانکردن بۆ زیندانیان دەگەڕێتەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا، گەڕاندنەوەی پڕۆتۆکۆلەکانی سزای مەرگ لە سەر ئاستی فیدراڵی ڕاگەیاند، کە خۆی لە بەکارهێنانی دەرزیی مردن و گەڕاندنەوەی شێوازی گولـلەبارانکردن دەبینێتەوە.

ڕۆژی شەممە 25ی نیسانی 2026 وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند: بە فەرمیی کۆتاییان بە بڕیاری هەڵپەساردنی سزاکان هێناوە کە لە ساڵی 2021ەوە لە سەردەمی “جۆو بایدن” پەیڕەو دەکرا. هەروەها ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی سزاکە خێراتر کراوە و تا ئێستا داوای جێبەجێکردنی سزای مەرگ بۆ 44 تۆمەتبار دەرچووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆد بلانش، بریکاری وەزیری دادی ئەمریکا پێشتر ڕەزامەندیی لە سەر جێبەجێکردنی ئەو سزایەی بۆ 9 دۆسیە دەربڕیوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ڕاپرسییەکی “پەیمانگای گالۆپ”، پشتگیریی خەڵک بۆ سزای مەرگ لە ئەمریکا لە ساڵی 1994 لە 80% بووە بەڵام ئێستا ڕێژەکە دابەزیوە بۆ لە 52%.