مالیکی: سەردەمی سەربازی زۆرەملێ بەسەرچووە

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: “یاسای سەربازیی زۆرەملێ، سەردەمی بەسەرچووە و لە جەنگی هاوچەرخدا تەکنەلۆجیا و درۆن جێگەی ژمارەی زۆری سەربازیان گرتووەتەوە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: “لە ئێستا شێوازی جەنگە نوێیەکان گۆڕانی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە و چیتر پشت بە ژمارەی زۆری سەرباز نابەستن، بەڵکو درۆن و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکان بوونەتە بڕیاردەری سەرەکی لە مەیدانی جەنگدا.”

نووری مالیکی گوتیشی: ” لە جیاتی گەڕانەوە بۆ سیستەمی کۆن، پێشنیاز دەکرێت ئەو بودجە و سەرچاوانە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سوپا و بنیاتنانی هێزێکی کاریگەر و تەکنیکی بەکاربهێنرێن کە لە ڕووی ژمارەوە کەمتر بن، بەڵام لە ڕووی تواناوە لە ئاستی جەنگە مۆدێرنەکاندا بن.”

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد کە پەلە نەکەن لە دەرکردنی یاسای سەربازیی زۆرەملێ. جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر و ڕەچاوکردنی دۆخی ئێستای جەنگ و ئابووری هەیە.

ئەم مانگە پەرلەمان چەند جارێک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەشت پێشنیازە یاسا کرا، یەکێک لەوانەش خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بوو. پێشنیازە یاساکە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادە کراوە و لە 66 بڕگە پێکدێت.