هێرشکرایە سەر شوێنێکی گەشتیاری و 5 کەس بوونە قوربانی

میدیا ناوخۆییەکانی مەکسیک بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ناوچەیەکی شوێنەواریی بەناوبانگ لە نزیک ‘مەکسیکۆ سیتیی’ پایتەخت، پێنج کەس کوژران و بریندار بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026 وەزارەتی ئاسایشی مەکسیک ڕایگەیاند: ” کەسێک لە شوێنەواری ‘هەرەمەکانی تیوتیواکان’ تەقەی کردووە، لە ئەنجامدا ژنێکی کەنەدی کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.”

وەزارەتی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد، ” هێرشبەرەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.”

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارەکە سەرکەوتووە بۆ سەر ‘هەرەمی مانگ’ و لەوێوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە گەشتیاران کردووە. هەروەها ژمارەیەک لە گەشتیاران بەهۆی پاڵەپەستۆ و کەوتن لە کاتی هەڵهاتنیاندا تووشی پێکان و برینداری بوون.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی مەکسیک بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر و زانینی پاڵنەرەکانی پشت ئەو هێرشە خوێناوییە.