قالیباف: دانوستان ناکەین و ئامادەین بۆ جەنگ

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی ئامادەیە لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی سەربازی و دەستپێکردنەوەی جەنگ.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: ” کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک دانوستان لەژێر هەڕەشەدا قبووڵ ناکات.”

قالیباف گوتیشی: ” تاران لە ماوەی ئاگربەستدا خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە کردووە و کارتە نوێیەکانی لە مەیدانی جەنگدا دەخاتە ڕوو.”

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی سەربازیدا، هێزی نوێ و نەبینراو لە گۆڕەپانەکەدا بەکاردەهێنن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن دانوستانەکانیان بە نێوەندگیری وڵاتی پاکستان لەگەڵ تاران بەباشی بەرەوپێش دەچێت، بەڵام قالیباف جەخت لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ.