لە سووریا تەنیا لە مانگی نیساندا 31 کەس کوژراون

بەهۆی پاشماوەکانی جەنگەوە لە سووریا تەنیا لە مانگی نیساندا 31 کەس کوژراون و 36 کەسی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026 ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: “هێشتا پاشماوەکانی جەنگ لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا هەڕەشە و مەترسین بۆسەر هاووڵاتییانی سڤیل و تەنیا لەمانگی نیساندا، بەهۆی پاشماوەکانی جەنگەوە 31 کەس کوژراوە.”

 ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، “لەو کەسانەی کوژراون 19یان منداڵ و 12یان پیاو بوون، هەروەها 36 کەسی دیکەش برینداربوون و بەشێکیان برینیان سەختە.”

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، “تەنیا ئەمساڵ بەهۆی پاشماوەکانی جەنگەوە 152 کەس کوژراون و 208 کەسی دیکەش برینداربوون.”

لە کۆتایشدا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مینڕێژکراون.