وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند؛ بڕی 60 ملیار دینار وەک گوژمەیەکی نوێی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانە خەرج دەکرێت، کە گەنمی وەرزی ساڵی 2025ـیان ڕادەستی سایلۆکانی حکومەت کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 ئەسیر داود غوڕەیری، وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: “حکومەت بودجەیەکی گەورەی تەرخان کردووە تاوەکو هەموو شایستە داراییەکان بەبێ دواکەوتن بەسەر جوتیاراندا دابەش بکرێت.”
ئەسیر داود غوڕەیری گوتیشی: “خێراکردنی پارەدانەکە سەقامگیریی ئابووری بۆ خێزانی جوتیاران دابین دەکات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی ناوخۆیی دەبێت.”
وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە تاوەکو پرۆسەی خەرجکردنی پارەکان بەبێ هیچ جۆرە گرفتێک بەڕێوەبچێت.”
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتی: “هێشتا دیاری نەکراوە چەند بەر جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.”
عێراق لە ساڵانی دواییدا لە بەرهەمهێنانی گەنمدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی. حکومەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی خەرجکردنی خێرای پارەی جوتیارانەوە، ئاسایشی خۆراکی نیشتمانی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە جێگیری لە هەموو پارێزگاکاندا بپارێزێت.