میدیای فەرمی سووریا وێنەی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت کراوە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 کەناڵی ‘ئەلئیخباریە’ی سووری ڕایگەیاند: “ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کردووە، لەکۆبوونەوەکەشدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و زیاد عایش نێردەی سەرۆکایەتی سووریا بۆ جێبەجێکردنی ڕێكکەوتنی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ هەسەدە بەشداربووە و باس لە تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت کراوە.”
لە لایەکی دیکەوە، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: “مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، بەسەردانێک گەیشتوونەتە دیمەشق، ئامانجی سەردانەکەش بۆ کۆبوونەوە بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا و بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی تێکەڵبوونەوە.”
بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی کەناڵی ‘ئەلئیخباریە’، کۆبوونەوەکان ڕۆڵی باشیان دەبێت لە خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵبوونەوە و هاندانی لایەنەکان لە پارێزگای حەسەکە بۆ چارەسەرکردن و بە ئەنجام گەیاندنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

وێنەی ئەمڕۆی کۆبوونەوەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع