سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە و ڕووفاتی ژمارەیەک پێشمەرگەشی تێدایە

پارێزگاری نەینەوا لە دەوروبەری شاری موسڵ دەستپێکی هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعشی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە یەکێک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ڕووفاتی ژمارەیەک پێشمەرگەی تێدایە و بە هاوکاری پەیمانگای پزیشکی دادی کوردستان، کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ناسینەوەیان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەرێتەوە، لێرە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و کوردانی ئیزدی و خەڵکی موسڵ تێکەڵ بووە، هەروەها ڕووفاتی ئافرەت و منداڵ و کوردانی ئێزدی و پێشمەرگە دۆزراوەتەوە.”

پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: “بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەڵێنی داوە پشکنینی دی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە بکرێت و دەبێت ئەم قوربانیدانە بەرز ڕابگیرێت و هەروەها پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەستپێدەکرێت، ئەم گۆڕە بە کۆمەڵانە نیشانەی تاوانەکانی داعشە بەرانبەر خەڵکی بێتاوان.”

عەبدولقادر دەخیل ئاماژەی بەوەش کرد، “دیارنییە ژمارەی قوربانییانی ئەم سێ گۆڕە بە کۆمەڵە چەندە، زیاتر لە 10 ساڵە کەسوکاری قوربانییەکان بەدوایاندا دەگەڕێن.”

 مێژووی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵانە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە و ئێستاش کارکردن لە هەڵدانەوەیان دەستیپێکردووە.