ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران درێژدەکرێتەوە

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، قسەی وڵاتان و سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهان، هەردوو لایەنی واشنتۆن و تاران جدین لە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەک، ئەمەش دوای شکستهێنانی گفتووگۆکانیان لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد.

کێن ئەو کەسانەی داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستیان کردووە؟

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: “ئێران و ئەمریکا بە هەڵوێستی تووندەوە دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاگربەست ڕژدن و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 40 ڕۆژی دیکە هەیە.”

هەر ئەمڕۆ سەید بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: “داوا دەکەم ئاگربەست درێژبکرێتەوە و گفتوگۆکان بەردەوام بن.”

دوێنی یەکشەممەش پاپا لیۆی ڤاتیکان وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: “داوا لە سەرکردایەتی هەردووک وڵات دەکەم ئاگربەست درێژبکەنەوە و ڕێگە نەدەن جەنگ ناوچەکە وێران بکات.”

کاردانەوەکان لە نێوخۆی هەردووک وڵات چین؟

  • ئەمریکا:

ئەمڕۆ بێرنی ساندرز، سیناتۆر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتیوانی خۆی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەربڕی و هۆشداریدا کە جەنگ لەگەڵ ئێران دەبێتە کارەساتێکی بێ کۆتایی بۆ ئەمریکا.

هاوکات لە شەقامەکانی ‘نیویۆرک’ و ‘شیکاگۆش’ خۆپیشاندان ئەنجامدرا، خەڵکی داوای ئاشتی هەمیشەییان دەکرد بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی سووتەمەنی لە نێوخۆی ئەمریکادا.

  • ئێران:

دوێنێ عەلی باقری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران, لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیسلام ئاباد بۆ فڕۆکەخانەی میهرئاباد گوتی: “ئێران دەرگای دیپلۆماسی دانەخستووە، بەڵام درێژکردنەوەی ئاگربەست بەستراوەتەوە بە کردار نەک تەنها قسە.”

مەرجەعە ئاینییەکانی ئێران لە ‘قوم’ ئاماژەیان بەوە کرد، “ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان سووک بکات، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لە ڕووی شەرعی و سیاسییەوە پەسەندە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.”

قسەی ئیسرائیل لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست چییە؟

ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی سەردانێکی مەیدانی بۆ بنکەیەکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل ڕایگەیاند: “ئیسرائیل پابەند نییە بەو ئاگربەستەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا باس دەکرێت ئەگەر مەترسی لەسەر ئاسایشمان دروست بکات. ئێمە ڕێگە نادەین ئەم ئاگربەستە ببێتە قەڵغانێک بۆ تاران تا هێزەکانی لە لوبنان و سووریا ڕێکبخاتەوە.”

ئیسرائیل لە ئێستادا وەک بەرهەڵستکارێکی سەرەکی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەردەکەوێت، مەگەر مەرجەکانی ئەوان کە پەیوەستە بە لاوازکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا، جێگیر بکرێت.

دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد لە 11ی نیساندا، ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری بگرن کە ڕەنگە نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ئاسایشی وزە و ئابووری هەموو جیهان بخاتە مەترسییەوە.