ترەمپ: پاپام بەدڵ نییە و هیچ لە سیاسەت نازانێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان، هێرشیکردە سەر پاپای ڤاتیکان و گوتی: “پێویستە پاپا وەکو کەسێکی مەزن ڕەفتار بکات نەوەک سیاسییەک.”

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “پاپا لیۆ لە پرسی تاواندا لاوازە و لە سیاسەتی دەرەوەشدا کارەساتە، ئەو باس لە ترس لە ئیدارەی ترەمپ دەکات، بەڵام باسی ئەو ترسە ناکات کە کەنیسەی کاسۆلیک و هەموو ڕێکخراوە کریستیانەکانی دیکە لە کاتی کۆڤیددا هەیانبوو.”

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “من لویسی برای ئەوم زۆر لە خۆی زیاتر بەدڵە، چونکە لویس بەتەواوی ماگایە (MAGA). ئەو تێدەگات، بەڵام لیۆ تێناگات.”

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ” من پاپایەکم ناوێت کە پێی وابێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. من پاپایەکم ناوێت کە پێی وابێت کارەساتە ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا؛ وڵاتێک کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنارد و لەوەش خراپتر، زیندانەکانی خۆی لە بکوژان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر خاڵی دەکردەوە بۆ ناو وڵاتەکەی ئێمە.”

لە ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەوە، لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان ناوە ناوە لە گوتار و نووسینەکانیدا قسەی دژی جەنگ و بەردەوامیدان بە تووندوتیژیەکان دەکرد. ئەو چەند جارێک داوای ڕاگرتنی جەنگەکەی کردووە.