لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان نزیکەی 6 ملیار دینار دزرا

لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی هەولێر سێ بازرگانی عەرەب نزیکەی 6 ملیار دیناریان لە 20 دەڵاڵ و 200 ئاژەڵفرۆش خواردووە و زیانی زۆریان بە بازاڕەکە گەیاندووە.

ڕۆژی شەممە 11ی نیسانی 2026  فاخیر حەمەد، یەکێک لەو 20 دەڵاڵەی پارەی لێ خوراوە ڕایگەیاند: “22 ملیۆن دینارم لێ خوراوە، پارەی خۆم و چوار ئاژەڵفرۆشە، دەڵاڵ هەیە 760 ملیۆن دیناری لێ خوراوە.”

لە لایەکی دیکەوە، کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: “ئەو کەسانەی پارەیان لێ خوراوە، با لە دادگای بەرایی هەولێر سکاڵا تۆماربکەن، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکات و لە هەر شوێنێکی عێراق بن دەیاندۆزینەوە.”

بەپێی زانیارییەکان؛  دوو لەو بازرگانانەی پارەی خەڵکیان بردووە خەڵکی مووسڵن و یەکێکیشیان خەڵکی دیالەیە، لە ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هاتوون ئاژەڵیان بردووە، متمانەیان دروستکردووە، وای لێهاتووە هەندێکیان کردووەتە قەرز، ئاژەڵیان بردووە و پارەیان نەداوە، دواتر خۆیان ون کردووە.