نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە

لە نوێترین ڕێککەوتندا، هەولێر و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی گومرگەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ‘ئەسیکۆدا’ ڕێککەوتن، بەم هۆیەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئابڵووقەی دۆلار لەسەر هەرێمی کوردستان هەڵدەگیرێت و باجی سەرجەم جۆرەکانی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی عێراقی لێدەکرێت و 15% باجیان دەچێتە سەر.

ڕۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بەرپرسێکی باڵای گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ‘ئەسیکۆدا’ دەستپێدەکات. پاش تەواوبوونی ڕێکارەکان، باجی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە وەردەگیرێت.”

بە گوێرەی سیستەمەکە بێت؛ باجی گومرگی ئۆتۆمبێل بە ڕێژەی 15% دیاریکراوە. هاوکات ئەو لێخۆشبوونەی پێشتر لە هەرێمی کوردستان بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەبوو نامێنێت و پاش جێبەجێکردنی ‘ئەسیکۆدا’، باجی سەرجەم جۆرەکانی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی عێراقی لێدەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند: “پێویستە تیمێکی تایبەت بە ‘ئەسیکۆدا’ بۆ هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، هەروەها خولی ڕاهێنان بۆ تیمەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بکرێتەوە. داواش دەکات؛ زمانی کوردی بۆ ناو سیستمی ‘ئەسیکۆدا’ زیاد بکرێت.”

سیستەمی ‘ئەسیکۆدا’ سیستەمێکی دیجیتاڵیی نێودەوڵەتییە بۆ دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێی دەکات لەسەر داواکاریی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە. بە جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە، کە ئێستا بەهۆی کەمی باج و جەنگ ناوچەکە نرخی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە.