سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستە نوێیەکەی وەک سەرکەوتنێکی 100%ی ئەمریکا وەسف کرد و ڕایگەیاند: تاران بە تەواوەتی ناچار بە پاشەکشە کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئەمە سەرکەوتنێکی تەواوەتی و گشتگیرە، 100% سەرکەوتووین و هیچ جۆرە گومانێکی تێدا نییە، هەموو ئامانجەکانی واشنتۆنمان پێکاوە.”
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە ناو ئێراندا ماوە بە باشترین شێوە چارەسەر دەکرێت، ئەگەرنا من ڕێککەوتنم واژۆ نەدەکرد.”
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە وڵاتی چین کرد و ڕایگەیاند: “چین ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە هاندانی هاوپەیمانەکەی ‘تاران’ بۆ هاتنە سەر مێزی دانوستان و قبووڵکردنی ئاگربەست.”
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە دوای پێنج هەفتە لە جەنگێکی وێرانکەر دێت، لە کاتێکدایە جیهان ئێستا چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکانە بە تەنگەی هورمزدا.