ئێران: دوو بەکرێگیراوی دووژمنمان لە سێدارەدا

ئاژانسی هەواڵی ‘ئیرنا’ بڵاویکردەوە، دوو کەس بە ناوەکانی ‘موحەممەد ئەمین بێگلەری’ و ‘شاهین واحیدپەرەست’ لە سێدارەدران. کە بەشدارییان لە تێکدان و ئاگرتێبەردانی بنکەیەکی سەربازیی نهێنیدا کردبوو و هەوڵیان دابوو کە دەستیان بە چەکخانەی بنکەکە بگات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند: “سزای لەسێدارەدان بۆ دوو بەکرێگیراوی دووژمن جێبەجێ کراوە، کە تۆمەتباربوون بە هێرشکردنە سەر شوێنێکی سەربازیی پۆلێنکراو لە میانی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو .”

دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە میانی ئاژاوە تیرۆریستییەکانی ئەو مانگەدا، ژمارەیەک تاخم و لایەنی سەر بە دووژمن هەوڵیان داوە بچنە ناو بنکە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس و ناوەندەکانی بەسیج، بە مەبەستی دزینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.”

سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە دوای ئەوە دێت کە دۆسیەکانیان لەلایەن دادگەوە وردبینی لێ کراوە و لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە حوکمە کۆتاییەکەیان پەسەند کراوە.