سوێد بڕیاری داوە چیڕۆکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بخاتە نێو پڕۆگرامی خوێندنی بنەڕەتیی وڵاتەکەیەوە، کە قوتابییانی پۆلی 4 تا 6ی بنەڕەتی تەمەن 10 بۆ 13 ساڵ دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026 د.فەرەیدون مورادی، توێژەر لە بواری کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: “ئەم دەقە فێرکارییە بە هاوکاری لەگەڵ پەرەپێدەرانی بواری پەروەردە لە سوێد ئامادە کراوە، کە دەقەکە ڕوونی دەکاتەوە مادە کیمیاییەکان چۆن لە ژیانی ڕۆژانەدا سوودیان هەیە، وەک لە بواری پزیشکی و پاککردنەوەی ئاودا.”
د.فەرەیدون مورادی گوتیشی: ” ئەو زانیارییە زانستییەکانی پێشکەشی کردوون و پسپۆڕانی پەروەردەیی بە زمانێکی گونجاو بۆ منداڵان دایانڕشتووەتەوە، پاشان خۆی پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ کردووە.”
بۆ یەکەمجار لە 16ی ئاداری 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە گازی کیمیایی هەڵەبجە کیمیاباران کرا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس.