هەندێک نووسینگەی عەقارات، نەخشەی ساختە بۆ زەوییە نوێیەکانی فەرمانبەران و خانەنشینان دروست دەکەن، کە ئەوانەی حکومەت زەوی پێداون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 یەکێک لەو کەسانەی زەوی بۆ دەرچووە ڕایگەیاند: “لە کۆمەڵگەی ‘گەڕەسۆر’ی نێوان دارەتوو و بنەسڵاوە زەویم بۆ دەرچووە، ڕۆژێک چوومە نووسینگەیەکی عەقارات، سۆراغی زەوییەکەم کرد بزانم چەند دەکات. خاوەن نووسینگەکەش نەخشەیەکی پیشاندام، وتی وەرە تەماشای بکە شوێنی زەوییەکەت زۆر خراپە، کەوتووەتە سەر چاڵێک.”
خاوەن زەوییەکە گوتیشی: “خاوەنی نووسینگەکە پێی گوتم؛ زەوییەکەت لە لە 10 بۆ 20 وەرەقە زیاتر ناکات، زۆر دووریشە بە 20 ساڵی تر خزمەتگوزاری بۆ ناچێت، ئێستا بیفرۆشە با هەرزانتر نەبێت. ئیتر قسەی خۆشی بۆ کردم، گوتی بە 40 وەرەقە لێت دەکڕم و من دەتوانم بیفرۆشەمەوە خۆم لە بازاڕەکەدام، بەڵام بۆ تۆ ئەو پارەیەش ناکات.”
لەلایەکی دیکە، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەڵێت: “هەر لە سەرەتاوە وتوومانە کڕین و فرۆشتنی ئەم زەوییانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.”
ئەم کارەی نووسینگەکانی عەقارات بەرانبەر بە فەرمانبەران لە کاتێکدایە، کە لەم ماوەیەی دوایی دا، گومان و تۆمەتەکان لەسەر هەندێک نووسینگەی عەقارات زیاد بووە، کە بە بەکارهێنانی نەخشەی ساختە هەوڵ دەدەن نرخەکان داببەزێنن و خاوەن زەوییەکان هەڵبخەڵەتێنن.