بەبۆنەی 79یەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێیانی، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات یەکڕێزیی هێزە کوردییەکان تاوەکو گەیشتن بە چارەنووسی کورد بەردەوامبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026 هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: “پێشەوا قازی بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، نموونەیەکی پێشکەوتووی حکومڕانیی پیشانی جیهان دا و بووە سیمبوڵی یەکڕێزیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکان.”
هاوپەیمانیەتییەکە گوتیشی: “ڕژێمی پەهلەوی بە لەسێدارەدانی قازی و هاوڕێکانی، دەیویست دەنگی ئازادی کورد کپ بکات. پێویستە ئەو یەکڕێزییەی ئێستا لە نێوان هێزە کوردییەکان هەیە، تاوەکو گەیشتن بە چارەنووسی کورد بەردەوامبێت.”
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکان باسی لەوەش کرد، “کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمان سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمی پێشوو پەیڕەو دەکات و ناوچەکەی ڕووبەڕووی ناسەقامگیری کردووەتەوە.”
لە کۆتایشدا هاوپەیمانەتییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە تاکە وەڵام بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕژێم. یەکڕێزیی هێزە کوردییەکانە.
ئەم ڕاگەیاندراوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان لە کاتێکدایە، کە گرژی ئاڵۆزییەکان لە نێوخۆی ئێران بەردەوامی هەیە و هاوپەیمانیەتییەکە دەیەوێت ئەو یەکڕێزییەی لە نێوان هێزە کوردییەکان هەیە درێژە پێبدات.