ئەمریکا: بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین

ئەمریکا بە توندترین شێوە، ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەکات کە کرانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 29ی ئاداری 2026 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی تەواو ڕوون و بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونانە دەکات کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی بریکاری ئێران لە عێراق کرانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.”

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە؛ “ئەم کردەوانەی ئێران و بریکارەکانی پەلامارێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیری و یەکگرتوویی عێراق. بە شێوەیەکی تەواو ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ئەو کردەوە تیرۆریستییە هەڕەمەکی و ترسنۆکانانە ڕەتدەکەینەوە کە ئێران و بریکارە تیرۆریستییەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرتاسەری عێراقدا بەرپایان کردووە.”

ڕۆژی شەممە بە درۆن هێرشکرایە سەر دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ئاراستەی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. هێرشەکە چەندین کاردانەوەی نێوخۆی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.