وەزارەتی پەروەردە: بەهۆی هێرشەکان 252 قوتابی و مامۆستا کوژراون

وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئاماری قوربانییانی مامۆستا و قوتابییانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ تاوەکو ئێستا 252 مامۆستا و قوتابی گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026 حوسێن سادقی، سەرۆکی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاند: “لە سەرەتای دەسپێکی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 252 قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 184 کەسی دیکە لە ناو کۆمەڵەی پەروەردەکاراندا برینداربوون.”

لەلایەکی دیکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی لە گوتارێکدا لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، زیاتر لە 600 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتدا زیانیان پێگەیشتووە.”

ئاماری گشتیی ئەو قوتابیانەی کوژراون یان برینداربوون لە ئێران هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ کاریگەرییە توندەکانی جەنگ لەسەر ژیانی مەدەنی و پرۆسەی خوێندن لەو وڵاتەدا.