دوای وەستانی بۆ ماوەیەک، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026 سالار موحەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: “بەهۆی نەناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پڕۆسەکە سست ببوو، بەڵام ئێستا نەوت بە تانکەر دەگات و بریکارەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ دابەشکردنی.”
لەلایەکی دیکە، سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند: “بەهۆی نەگەیشتنی نەوت پرۆسەکە وەستان، بەڵام بەڵێن دراوە نەوت بۆ سلێمانی بنێردرێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردن دەکرێتەوە.”
سەبارەت بە پارێزگای دهۆکیش، میللەت زکری، ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی ڕایگەیاند: “تا ئێستا زیاتر لە 60%ی هاووڵاتییان نەوتیان وەرگرتووە، ڕۆژی پێنجشەممە بەشێکی دیکەی هاووڵاتییان نەوت وەردەگرن.”
ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە، بڕی 100 لیتر بە نرخی 32 هەزار دینار دەدرێتە هەر خێزانێک.