کەشناسی بۆهاووڵاتییان: مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە و لە ماڵەوە دەرنەچن

دەستەی کەشناسیی عێراق، هۆشداریی خێرا ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیێنێت؛ شەپۆلێکی تووندی بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە زۆربەی شارەکانی وڵات دەگرێتەوە و مەترسیی گەورەی بۆ سەر ئاسایشی گشتی دروست کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026 عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند: “بەهۆی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆیەک لەگەڵ بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی ئاسماندا، دۆخێکی ناجێگیری کەشوهەوا لە تەواوی شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.”

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کەشناسیی عێراق گوتیشی: “لە زۆربەی شارەکان هەورەبروسکە و باران دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە بارانەکە زۆر بەخوڕ دەبێت و تەرزەشی لەگەڵدا دەبێت.”

دەستەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەردەوام ئاگاداری دوایین گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بن، چونکە دۆخەکە ناجێگیرە و خێرا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.