بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ئەنجامی بۆردمانێکی ئاسمانیی چڕ بۆ سەر بنکەی سەربازیی ‘حەبانیە’ لە پارێزگای ئەنبار، نزیكەی 20 كەس لە فەرماندە و چەکدارانی حەشدی شەعبی بوونە قوربانی.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بارەگایەکیان لە بەرزاییەکانی حەبانیە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا بۆردمان کردووە، کە تێیدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە ئەنبار، ‘سەعد داوی’، گیانی لە دەستداوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، لەو هێرشەدا ‘حاجی حەیدەر مەعمووری’، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشد لە پارێزگاکە کوژراوە. هاوکات ‘واسق فەرتووسی’، بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباریش لە هێرشەکەدا کوژراوە.
دەستەی حەشدی شەعبی، بە فەرمی لەسەر هێرشەکان هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: “ئەمە پێشێلکارییەکی زەق و دووبارەی سەروەریی خاکی عێراقە. داوا لە هێزە سیاسییەکانی وڵات دەکەین کە هەڵوێستێکی ڕوون و بەهێزیان بەرانبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا هەبێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە بۆردمانانە بگرن.”
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە پەرەی سەندووە. عێراق بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی بۆردمانکردنی بەردەوامی بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا.