دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێران بۆ ماوەی 10 ساڵ ناتوانێت ژێرخانەکەی بونیاد بنێتەوە، مەبەستی سەرەکی واشنتن ڕێگریکردنە لە چەکی ئەتۆمی، نەک گۆڕینی دەسەڵات لە تاران.
ڕۆژی هەینی 20ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەمریکا لە شەڕ گورزی بەهێز و گەورەی لە ئێران داوە، واشنتن توانیویەتی سەرکەوتنی گەورەی سەربازی بەدەستبهێنێت و دوژمن بەتەواوەتی تێكبشكێنێت.”
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “ڕووخاندنی دەسەڵات ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان نەبووە و ئەمریکا دەتوانێت تاوەکو ئاستێک کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی کێ کاروباری ئێران بەڕێوەببات، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئەوە مەبەستە سەرەکییەکە نییە.”
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، “ئیسرائیل ئامادەیە كۆتایی بە شەڕی ئێران بهێنێت، بەڵام هەر كاتێك كە ئەمریكا بڕیاری دا كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام جارێ ئەمە ناكەین و شەڕ ڕاناگرین.”