جەژنی ڕەمەزان دوو وڵاتی گەورەی ئاشتکردەوە

ئەفغانستان به‌بۆنه‌ی هاتنی جەژنی ڕەمەزان ئاگربەستی لە ململانێکانی لەگەڵ پاکستان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسلام ئاباد دووپاتی کردبووەوە کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان شەڕ لەگەڵ کابول ڕادەگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 18ی ئاداری 2026 عەتاوڵا تەلار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان ڕایگەیاند: “ئاگربەستی جەژنی ڕەمەزان لەسەر داوای وڵاتانی ئیسلامی؛ برا سعوودییەکان و قەتەر و تورکیا بووە و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە تا نیوە شەوی دووشەممە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژدەبێتەوە.”

عتاوڵا تەلار گوتیشی: “پاکستان بە نیازپاکی و بەپێی پێوەرەکانی ئیسلامی ئەم دەستپێشخەرییە دەکات.”

وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکان دەستبەجێ و بە هێزێکی تەواوەوە دەستپێدەکەنەوە لە ئەگەری هەر هێرشێکی سنووربەزێن، یان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان هەر ڕووداوێکی تیرۆریستی لە نێوخۆی پاکستاندا.”

ماوەیەکی زۆرە شەڕ و ململانێکانی هەردوو وڵات بەردەوامە و هەر دوو ڕۆژ لەمەوبەر پاکستان نەخۆشخانەیەکی لە ئەفغانستان بۆردمانکرد و 400 کەسی کوشت.