دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: دەستیان بەسەر سەتان مۆبایل و سیمکارت لەنێو زیندانەکاندا گرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ” لە کاتی پشکنین و بەدواداچوونەکانیان بۆ دامەزراوەکانی چاکسازی، توانراوە دەست بەسەر 849 مۆبایل و سیمکارت دا بگیرێت کە لەنێو زیندانەکاندا شاردرابوونەوە.”
ئەرشەد حاکم گوتیشی: “هەشت کەسمان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە هاندانی خەڵک بۆ پشێوی و سووکایەتیکردن بە دەزگا ئەمنییەکان.”
گوتەبێژی دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد، مۆبایل و سیمکارتەکان لە نێو هەر یەک لە زیندانەکانی بابل، ناسریەی ناوەندی، تاجی و کۆمەڵگەی زیندانەکانی بەغدای ناوەندی دۆزراونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەرشەد حاکم دڵنیایی دا کە دۆخی زیندانەکان جێگیرە و لەژێر چاودێرییەکی توونددایە.